شاعیر: موفتی پێنجوێنی
کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی
سەرناو: لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل

لە عومری پازدە ساڵی تاوەکوو چل
نەفامی هات و دایپۆشیم بە سەد جل

لە دنیا بێ خەبەر بێ هۆش و غافڵ
هەتا باری مەعیشەت کەوتە سەر مل

***

ئەوا ئێستا بە پیری هۆشیارم
بەبێ هێزی خەریکی کەسب و کارم

لەبەر منداڵی وردم بێ قەرارم
ئەگەرچی جێگە تەعنەی ئەهلی شارم

***

وەکوو جۆڵا بە هەر چوار پەل ئەجووڵێم
لە تۆزی تووتنا غەرقم هەتا پێم

سەر و جامانە چڵکن تاکوو دەرپێم
کەچی واعیز بە کوردی جوێن ئەدا پێم

***

بەڵی فەرمووی لە مردن تۆ نزیکی
بە ڕۆژ و شەو لەبەرچی وا خەریکی

لە شەش کەسبا لەگەڵ شەش کەس شەریکی
چ ئەقڵێکە لەسەر کام فاک و فیکی

***

مەگەر نازانی دنیا بێ بەقایە
لەگەڵ گەل دلبەرێکی بێ وەفایە

نەتیجەی تێکەڵی جەور و جەفایە
نەوەک بۆ تۆ لەئاستی جوملە وایە

***

وتم قوربان هەقیقەت قەولی تۆیە
ئەوی فەرمووتە بێ کیزب و درۆیە

بەڵام منداڵی تۆ تێر نان و دۆیە
لە ماڵی ئێمە حەڵوا نانی جۆیە

***

بەشەر موحتاجی بەرگ و چێشت و نانە
نەفس حوکمی بەسەرمانا ڕەوانە

چ تەگبیرێ ئەکەی فەرموو بزانە
چییە دەرمانی ئەم دەردی گرانە

***

خولاسە گەر قسەی ڕاستی ئەپرسی
ئەوی خۆی تێرە ناپرسێ لە برسی

مودەڕڕیس تا مەعاشی بۆ نەنووسی
لەلای پەشمە هەموو دەرس و درووسی

***

منی بێچارە بێ موڵک و پارە
کوڕێک و شەش کچ و دووی تر ژمارە

لەگەڵ خۆم نۆیە تەعدادی دیارە
چییە تەگبیری ئەم کەوتەهەژارە

***

ئەفەرمووی ڕازقە خالق تەواوە
بەهانەی ڕزق و ڕۆزی دانراوە

بە هیوا بی ببارێ فکری خاوە
بەبێ زەحمەت بەشەر بێ نان و ئاوە

***

جوابی دامەوە واعیز بە ناچار
لەڕووی هەق هاتە پێش و کەوتە گفتار

وتی ئەی عاجزی خەستەی بریندار
زەلیلی قوڕبەسەر دڵ پڕ لە ئازار

***

دڵم پڕ بوو لەتاو تۆ کەوتمە گریان
لە چاوم ئاو دەبارێ عەینی باران

لە حاڵت ماتم و سەرسام و حەیران
ئەوا جەرگم سەراسەر بوو بە بریان

***

پەشیمانم لە قەولم بێ نیهایەت
بەیاناتێ کە تۆ کردت بە ئایەت

هەموو وەک دووخە لای ئەهلی درایەت
گەلێ مەقبوولە بۆ تەبع و حیکایەت

بەسە موفتی گلە و ڕازی زەمانە
دەمی خۆت بگرە چیتە لەم قسانە